یه‌کگرتوو حیزبێكی ئایینی نیه‌

/ ژماره‌ی سه‌ردان: 580 جاره/

hadi-ali.png

له‌سایتی ڕووداو وه‌رگیراوه‌
هەڤپەیڤین: هێمن بابان رەحیم

هادی عه‌لی سه‌رۆکی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان:
یه‌کگرتوو حیزبێكی ئایینی نیه‌

بەرپرسی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) بێ متمانەیی حیزبەكەیان بەرامبەر یەكێتی و پارتی نیشاندەدا و بەهۆكاری نەبەستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵیاندا بۆ هەڵبژاردنەكانی ئایندەی دادەنێت و، دەڵێت كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەعێراق لەخزمەتی لایەنە دەسەڵاتدارەكاندایە. لەلایەكی دیكەوە، هادی عەلی، رەخنە لە قسەكانی پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو دەگرێ كە بە(رووداو)ی راگەیاندبوو یەكگرتوو ئەمجارە لە پەرلەمانی عێراق 3 كورسی دێنێ.

هەڤپەیڤین: هێمن بابان رەحیم

رووداو: پێشبینی بەدەستهێنانی چەند كورسی دەكەن لەو هەڵبژاردنەدا؟
هادی عەلی: ئێستا پێنج كورسیمان هەیە، هیچ پێشبینییەكمان نییە و هێشتا زووە بڵێین چەند دێنین.
رووداو: سامی ئەترۆشی كە پەرلەمانتاری یەكگرتووە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت یەكگرتوو ئەمجارە 3 كورسی زیاتر بەدەستناهێنێت؟
هادی عەلی: ئەوە رای خۆیەتی، نەدەبووایە لێدوان لەوبارەوە بدات. لەسەر ئەوەش گلەیی لێكراوە. هەوڵدەدەین پێنج كورسییەكە كەم نەكەینەوە ئەگەر زیادی نەكەین.
رووداو: لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانیشدا ئەنجامەكانتان دووربوون لە پێشبینییەكانتان؟
هادی عەلی: جیاوازی زۆرە لەنێوان هەڵبژاردنەكانی رابردووی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق. ئەمجارە لە چوار پارێزگای دیكەش لیستمان هەیە. جاری پێشوو لەگەڵ سێ لایەنی دیكەدا هاوپەیمانبووین و بەشاهێدی زۆر كەس لەو 13 كورسییەی لیستەكە بەدەستیهێنان، دوو سێ كورسی بەدەنگی ئێمە بەدەستهاتن، بەڵام بەر خۆمان نەكەوتن. هەروەها بەشێك لەخەڵك بەهۆی هاوپەیمانبوونی یەكگرتوو لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا دەنگیان بە یەكگرتوو نەدا. خیتابی پێشوومان خیتابێكی نەرمبوو و رەچاوی رەوشی كوردستانمان كردو ئەوەش كاریگەریی نێگەتیڤی هەبوو، بۆیە ئەو جیاوازییانە وا دەكات كە نەكرێ ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشووی كوردستان بكرێنە بنەما بۆ ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە.
رووداو: ئەمجارە زمانی هەڵمەتی هەڵبژاردنتان تووندتر دەكەن؟
هادی عەلی: گوتاری پێشوومان لاوازبوو. گوتاری سیاسیشمان گوتاری موعارەزەبوونە ئەمجارە.
رووداو: لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا دەتانگوت ئێمە لیستی دووەم دەبین، بەڵام گۆڕان دووەم بوو، ئەمجارەش هەر وانابێت؟
هادی عەلی: چاوەڕوانی ئەوەبووین، بەڵام وادەرنەچوو. ئەگەری زۆر ئەوەیە گۆڕان ئەمجارەش دووەم بن. هەموو لیستەكان تارادەیەك رێژەیەكی نەگۆڕی ئەندام و لایەنگری خۆیان هەیە، بەڵام كێبركێ لەسەر دەنگەكانی دیكەی دەرەوەی بازنە حیزبییەكەیە، ئەوەش دەمێنێتەوە سەر كاریگەری خیتابی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن و هەندێك هۆكاری دیكە. توانای ئیداری و دەسەڵات و پارەیەكی زۆر لەدەست لایەنە دەسەڵاتدارەكاندایە،جگە لەوە ناڕاستەوخۆ كاریگەریان لەسەر كۆمیسیۆنیش هەیە. كاریگەری یەكێتی و پارتی لەسەر كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئاشكرابوو. ئەو كاژێرەی زیادكرا لە هەڵبژاردنی پێشوو كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر ئەنجامەكان.
رووداو: واتە مەبەستت ئەوەیە كۆمیسیۆن خزمەتی یەكێتی و پارتی كرد؟
هادی عەلی: وەكو پێویست پیشەییانە و بێلایەنانە نەبووە، بێگومان لە خزمەتی لایەنە دەسەڵاتدارەكاندایە، ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەمەش هەیە، چونكە هیچ گۆڕانكارییەك لە كۆمیسیۆن رووینەداوە.
رووداو: لەو بڕوایەدان لەو هەڵبژاردنەدا ساختەكاری روونەدات؟
هادی عەلی: نەوەڵڵا، چونكە لایەنە دەسەڵاتدارەكان توانایان زۆرەو لە خۆشیان دەترسن. بۆیە ئەگەر زۆرە پەنا بۆ ساختەكاری ببەن. رۆڵی چاودێرە بیانییەكانیش شتێكی ئەوتۆ نییە.
رووداو: چیتان هەیە بۆ ئەوەی بە خەڵكی توڕە و رەخنەگر بڵێین كە ئێوە باشترن لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ نوێنەراتیكردنی ئەوان؟
هادی عەلی: یەكگرتووی ئیسلامی شانزە ساڵە حیزبێكی میانڕەو و تێنەگلاوە لەهیچ مەسەلەیەكی گەندەڵی، بۆیە یەكگرتوو توانای باشتری هەیە نوێنەرایەتی گەلەكەمان بكات و دەسەڵات بگرێتە دەست و باشتر چاكسازی بكات و خاوێنتر و دڵسۆزانەتر و بەرپرسیارانەتر ئەركەكانی جێبەجێ بكات.
رووداو: ئەمجارە زەمینەی دروستكردنی لیستی ئیسلامی نەبوو، یان خۆتان نەتانویست؟
هادی عەلی: ئێمە لە بوونی لیستێكی سەربەخۆ لەبەغدا ئەزموونێكی سەركەوتوومان هەیە، لیستێكی هاوبەشیشمان لێرە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە ئەزموونێكی سەرنەكەوتووبوو، بۆیە لە نێوان ئەو دوو ئەزموونە راپرسییەكمان لە نێوخۆی حیزب كرد و زۆرینەی هەرەزۆر رایان لەگەڵ لیستی سەربەخۆبوو، لە هەڵبژاردنی پێشووش زۆر لەو دەنگانەی چاوەڕواندەكرا بۆ لیستەكەی ئێمەبن بۆ گۆڕان چوون، هاوپەیمانێتییەكەی پێشوومان زیانداربوو.
رووداو: مام جەلال پێشبینی دەكات ئێوە و كۆمەڵ و گۆڕان 20كورسی بێنن، تۆ رات چییە؟
هادی عەلی: مام جەلال دابەشینەكردووە تا قسەی لەسەر بكەین، نازانم چۆنە.
رووداو: بۆچی هاوپەیمانێتیتان لەگەڵ حیزبی ئیسلامی نەبەست، بەتایبەت لە پارێزگاكانی عێراق؟
هادی عەلی: ئێمە حیزبێكی كوردستانین و گوتار و كێشە و گۆڕەپانی ئێمە لە حیزبی ئیسلامی جیاوازە، گوتارمان لەچوارچێوەی كوردستاندا دادەڕێژرێت.هێشتا عێراق نەچووەتە ئەو قۆناخەی هاوپەیمانێتی لەسەر ئاستی عێراق دروستبكرێت، هەموو هاوپەیمانێتیییەكان بەشێك لە ناوچەگەرێتییان تێدایە، لە ناوچەی كورد و شیعە و سوننە.

رووداو: بۆچی نەچوونە هاوپەیمانێتیی یەكێتی و پارتییەوە؟
هادی عەلی:لەبەر هەڵسوكەوتی ئەوان لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان. ئەوەشمان تاقیكردووەتەوە. ئێمە لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا لەساڵی 2008 لەگەڵ یەكێتی و پارتی بەشداریمان كرد، بەڵام لە موسڵ هەرچەندە نوێنەری ئێمە بە تەنیا 7200 دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام بێبەشكراین. هەموو ئێزدیەكانی عێراق لە كۆتا سێ كورسییان هەیە، یەكێتی و پارتی وایانكردووە لە دوانزە كورسییەكەی لیستی برایەتی نەینەوا هەشتیان لە ئێزدیەكانی شنگاربن، كەچی شوێنەكانی دیكەش یەك دوو نوێنەریان نەبێت ئەمە چۆن دەبێت. بۆیە ئێمە متمانەمان بە یەكێتی و پارتی نەبووە بۆ ئەوەی پێكەوە لیستێك بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق دروستبكەین.
رووداو: بەپێی هەندێ راپرسی حیزبە ئیسلامییەكان لە عێراق لە پاشەكشەدان، رای ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟
هادی عەلی: ئەوانەی لە حوكمڕانیدان بێگومان رای خەڵك ئەگەر بەرامبەریان گۆڕابێت پەیوەندی بە كارەكەیانەوە هەیە لە ماوەكانی رابردوودا، بەڵام مەرج نییە ئەو شكست و لاوازییەی حیزبە ئیسلامییەكان رووبەڕووی یەكگرتوو ببێتەوە. ئێمە جیاوازین لە حیزبە ئیسلامییەكانی عێراق. ئێمە هەر لەسەرەتاوە بە سروشی هاتووینەتە گۆڕەپانەكە و رێزمان لە رای بەرامبەر گرتووە و تووندوتیژیمان رەتكردووەتەوە، جیاوازی زۆرمان لەگەڵ حیزبە ئیسلامییەكانی عێراق بە شیعە و سوننەشەوە هەیە، تەنانەت لە روانینیشماندا بۆ ئیسلام جیاوازییمان هەیە.
رووداو: رەوتی گەشە لەنێو یەكگرتوو ماوە؟
هادی عەلی: نەخێر، رەوتی گەشە لەنێو یەكگرتوو نەماوە، ئەوان كۆمەڵە گەنجێك بوون لەبواری رۆشنبیری و راگەیاندن و قوتابیاندا كاردەكەن، دەیانگوت دەبوایە گوتاری سیاسیمان لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا گوتاری ئۆپۆزسیۆن بێت و لیستی سەربەخۆمان هەبووایە، لەوە نیگەران بوون. داوایانكردووە حیسابی زیاتر بۆ رێكخستنەكان و ئەندامانی خوارەوە بكرێت و بایەخی زیاتر بە گەنجان بدرێت، داواكارییەكانمان جێبەجێكردوون، چونكە هەموویان پۆزەتیڤ بوون. داوكارییەكانی ئەوان داواكاری زۆرینەی هەرە زۆری رێكخستنەكانی خۆمان بوون. ئەگەر ناعەدالەتییەكیش لە یەكگرتوودا هەبێت عەجایب نییە، چونكە هەموومان بەشەرین و پێویستە بەخۆدابچینەوەو نەیانهێڵین. مەسەلەی رەوتی گەشە كۆتایی پێهاتووەو، ئێمە هیچ گوشار و داوامان لێنەكردن كە ئەو رەوتە هەڵوەشێننەوە.
رووداو: یەكگرتوو لەمانەوە وەك حیزبێكی ئایینی و بوونە حیزبێكی گشتگیری نزیك لە دادو گەشەپێدان، لەوبارەوە زۆر قسەتان كرد، ئەو ململانێیە گەیشتە كوێ؟هادی عەلی: ئێمە رۆژێك لە رۆژان نەمانگوتووە حیزبێكی ئاینین، گوتوومانە حیزبێكی سیاسین و بەمەرجەعیەتی ئیسلامی كاردەكەین، هەوڵیش نادەین ببینە كۆپی هیچ لایەنێك، دەمانەوێ سوود لە ئەزموونە سیاسییەكانی حیزبەكانی ناوەوەو دەرەوە وەربگرین، راو رای جیاوازیش لەسەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو لەبارەی ئیسلامی بوون و نەبوون هەیە و شتێكی ئاساییە.
رووداو: هەستناكەن بەو شێوەیەی ئێستا زۆر كەسی دیكەی وەك عەبدولڕەحمان سدیق كە دوای چەندین ساڵ وازی لێهێنان، وازتان لێبێنن؟
هادی عەلی: كۆمەڵگەی كوردستانی و عێراقی بەرەو پێشەوە دەڕوات، مەرج نییە كەسێك خۆی و كوڕەكانی تاوەكو دنیا دنیایە لە حیزبێكدابن، ئەوە شتێكی ئاساییە، بەڵام لە وڵاتی ئێمە واهاتووە كە كەسێك ئەگەر لە حیزبێكدا بوو تا دنیا دنیایە دەبێت خۆی و كوڕاوكوڕی لەو حیزبەدا بێت، پێمان خۆش نەبوو عەبدولڕەحمان سدیقمان لێبچێت، بەڵام رای خۆی بوو و رێزیشمان گرت. كەسمان لێ زیادنییە.
رووداو: چۆن دەڕواننە كارەكانی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان؟
هادی عەلی:لەبەرئەوەی ئۆپۆزسیۆنی تێدایە، چاوەڕواندەكرا پەرلەمانێكی كارا و باشتربووایە، بەڵام دیارە سیاسەتی یەكێتی و پارتی بەئاراستەیەكە نایانەوێت پەرلەمانێكی كارابێت، بۆ لاوازكردنی ئۆپۆزسیۆن لەماوەی چوار مانگی دەستبەركاربوونیدا 13كۆبوونەوەی كردووە، دواتر بڕیاری لەسەر دوو مانگی پشوو داوە، ئەو ماوەیەش بۆ ئەوەیە كە پەرلەمان رۆڵی نەبێت و پەرلەمانێكی ناكارا بێت، ئەمەش كاریگەریی لەسەر دیموكراسی لە كوردستان هەیە. ئەو بارگرژییەی نێوان یەكێتی و گۆڕان دەبووایە لە پەرلەمان چارەسەربكرێت، نەوەك حیزبەكانی بۆ كۆبكرێتەوە، ئەو كۆبوونەوەیەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ لایەنەكان دەڕژێتە لاوازكردنی رۆڵی پەرلەمان.
رووداو: لە كابینەی چوارەمدا وەزیری داد بووی، پێتانوایە كابینەی پێنجەم و شەشەم لە چوارەم باشتربن؟
هادی عەلی: هەر كابینەیەك تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆخۆم كابینەی چوارەمم لە كابینەی پێنجەم پێ باشترە، كابینەی شەشەمیش هێشتا زووە بۆ هەڵسەنگاندنی.
رووداو: گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی رەوشی ئەمنیی كوردستان چۆن دەبینی؟
هادی عەلی: لەتبوونی لایەنێك بۆ دوو بەش تاوەكو بتوانن تەفەهومی یەكتربكەن شتێكی ئاڵۆزە، شەڕی ناوخۆی نەوەتەكان لە شەڕی راگەیاندنەوە دەستی پێكرد، ئەو گرژیانەش بەتایبەت لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكان و بەتایبەت لە سلێمانی مەترسی تەقینەوەیان هەیە.

لینک:
http://www.rudaw.net/details.aspx?lang=Kurdish&page=articles&c=Hevpeyvyn&id=17661

زۆرترتن بینراو

بگه‌ڕێره‌وه‌ سه‌ره‌تای دووربین

All Rights Reserved ©2009